هەرێم نیوز
⠀
پەرلەمانی عێراق لە ڕێگەی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت ڕایدەگەیەنێت کە دوای بانگێشتکردنی وەزیری نەوت بڕیارە سبەی دووشەممە هەردوو وەزیری ناوخۆ و بەرگری و فەرماندە ئەمنییەکان میوانداری بکرێن بۆ لێپێچینەوە.
⠀
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی 11ـی 2026، تەها دیفاعی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی عێراقییە ئاشکرای کرد کە پەرلەمان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە کە نوێنەرانی حەوت لیژنەی جیاواز لەخۆ دەگرێت بۆ بەدواداچوونی وردی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت و وتی لیژنەکە ئەمڕۆ بە فەرمی میوانداریی وەزیری نەوت و بریکارە پەیوەندیدارەکانی کردووە.
⠀
لە درێژەی قسەکانیدا ناوبراو ڕوونیکردەوە کە کۆمەڵێک پرسیاری هەستیار ئاراستەی وەزیری نەوت کراون و لیژنەکەش سبەی دووشەممە میوانداریی وەزیرانی ناوخۆ و بەرگری و فەرماندەیی پۆلیسی وزە و سەرجەم لایەنە ئەمنییە بەرپرسەکان دەکات بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان و گەڵاڵەکردنی ڕاسپاردەکانیان.
⠀
ئەم جووڵانە دوای ئەوە دێن کە عەلی فالح زەیدی فەرمانی دابوو سەرجەم تۆمەتبارانی قاچاخچێتیی نەوت لە ناوچەی جرف سەخەر ڕەوانەی دادگا بکرێن و بڕیاری دوورخستنەوەی نۆ بەرپرسی ئەمنیشی دەرکردبوو کە ئەمەش لەسەر بنەمای پشتڕاستکردنەوەی بوونی پاڵاوگەی نایاسایی و دەستکاریکردنی نەوتی ئەو ناوچەیە هات.
⠀
هاوکات فەرمانی بە سەرجەم فەرماندە ئەمنییەکانیش کردووە کە بەرپرسیارێتیی تەواو هەڵبگرن لە بەرامبەر هەر پرۆسەیەکی قاچاخچێتی لە سنوورەکانیاندا و ڕێکارە چاودێرییەکان بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو پێشێلکارییانە توندتر بکەن.