هەرێم نیوز
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، ڕۆژی شەممە فەرمانی لەکارلادان و دوورخستنەوەی ٩ بەرپرسی ئەمنی و نەوتیی دا، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی حکومی سەبارەت بە پرۆسەکانی قاچاغچیێتیی نەوت لە ناوچەی جەرفی سەخر لە پارێزگای بابل، کە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی لێی جێگیرن.
سەباح نەعمان، وتەبێژی سەربازی، ڕایگەیاندووە لیژنەی لێکۆڵینەوە دوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکەی، ڕاستیی زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی سەبارەت بە قاچاغچیێتیی نەوتی پشتڕاست کردووەتەوە.
بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، زەیدی فەرمانی کردووە هەموو ئەو کەسانەی بەشدارییان لە قاچاغچیێتیی نەوتدا هەبووە، ڕەوانەی دادگا بکرێن، هەروەها ٩ بەرپرسی ئەمنی و نەوتی لە پۆستەکانیان لاببرێن.
ئەو بەرپرسانە بریتین لە فەرماندەی پۆلیسی بابل، بەڕێوەبەری پۆلیسی باکووری بابل، بەڕێوەبەرانی هەواڵگری و ئاسایش لە پارێزگاکە، بەڕێوەبەری هەواڵگریی بابل، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە بابل، فەرماندەی لیوای شەشەمی پۆلیسی وزە و بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵەکانی بۆڕی نەوت.
لە هەمان کاتدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاگاداری داوە بە فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆن و پۆلیسی پارێزگاکان و بەرپرسانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان، کە بەرپرسیارێتیی تەواوی هەر حاڵەتێکی قاچاغچیێتیی نەوت لە سنووری بەرپرسیارێتیی ئەوان دەکەوێتە ئەستۆیان.
زەیدی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە «هیچ گۆڕەپانێک لە عێراق نامێنێت کە قاچاغچیێتیی تێدا ئەنجام بدرێت، لە زاخۆوە تا بەسرە»، و ڕایگەیاندووە حکومەت بەرپرسیارە لە پاراستنی سامانە گشتییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاغچیێتیی نەوت.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بەڵگەنامە هەواڵگرییەکانی عێراق ئاماژەیان بە بوونی حەوت ڕێڕەوی گواستنەوەی نەوتی قاچاغکراو لە ناوچەی جەرفی سەخر کردبوو، کە تێیدا تانکەری نەوت بەکاردەهێنراون. هەروەها سەرچاوەیەکی تایبەت پەیوەندیی ئەو پرۆسانەی بە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقییەوە بەستووەتەوە