هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تارانی تۆمەتبار کرد بە بەکارهێنانی گرووپە چەکدارەکان بۆ دزینی نەوت و سامانی گەلی عێراق بە تایبەت لە ناوچەی جورف ئەلسەخر، ئەمەش دوای دزەپێکردنی بەڵگەنامەیەکی هەواڵگری دێت کە بووەتە هۆی پێکهێنانی لیژنەی باڵای حکوومی و پەرلەمانی لە عێراق بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکە.
دزەپێکردنی بەڵگەنامە هەواڵگرییەکە و پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە
ئەمڕۆ هەینی، ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، دوای بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەیەکی هەواڵگریی نهێنیی ١٩ لاپەڕەیی، گومانی گەورە لەسەر بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە ناوچەی جورف ئەلسەخر لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی وەک «کەتائیبی حزبوڵا» دروست بووە. لە بەرامبەر ئەم زانیارییانەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتیی فەریق ڕوکن سەعد عورەیبی و بە بەشداریی پۆلیسی وزە، دەستەی دەستپاکی (نەزاهە) و دەزگای هەواڵگری تاوەکو ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن.
هەر بەپێی بەڵگەنامەکان، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش لیژنەیەکی لە سەرۆکی ٧ لیژنەی پەرلەمانی پێک هێناوە بۆ بەدواداچوونی ڕاپۆرتەکە؛ ئەرکی ئەم لیژنەیە فراوان کراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەگەری بەقاچاخبردنی نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک و هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئێرانەوە بۆ ئەفغانستان، لە پاڵ بەدواداچوون بۆ پرسی هێرشەکانی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.
هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
لای خۆیەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵی «سکای نیوز عەرەبییە»ی ڕاگەیاند: "ئێران مێژوویەکی درێژی هەیە لە بەکارهێنانی میلیشیاکان بۆ دزینی سامانی عێراق و تێکدانی سەروەرییەکەی؛ ئەمریکا لە چوارچێوەی هەڵمەتی گەورەترین فشار بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ بەردەوام دەبێت لە سزادانی ئەو لایەنانەی کە داهاتی نایاسایی بۆ تاران کۆ دەکەنەوە."
پاشخانی دۆسیەی جورف ئەلسەخر
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە تۆڕی هەواڵی «الحرە»ی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی بڵاو کردەوە کە دەریدەخات لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە ئۆپەراسیۆنی دزینی نەوت بە بەهای ملیۆنان دۆلار لە ناوچەی جورف ئەلسەخر لە پارێزگای بابل ئەنجام دراوە.
ئەو ناوچەیە لە ژێر کۆنترۆڵی تەواوەتیی کەتائیبی حزبوڵادایە و ڕێگە بە هێزە حکوومییەکان نادرێت بچنە ناوییەوە، بەڵام دوای بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ لیژنەیەکی هاوبەشی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی چوونەتە ناوچەی جورف ئەلسەخر بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان.