هەرێم نیوز
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، لێدوانەکانی سەرۆکی دەزگاکە سەبارەت بە ئەگەری تێوەگلانی لایەنی کوردی یان دەرەکی لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، تەنها لە چوارچێوەی نموونەی گریمانەییدا بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی 11ـی 2026، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی بڵاوییکردەوە، ئەو لێدوانانەی سەرۆکی دەزگاکە کە مشتومڕیان لەبارەی هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر لێکەوتەوە، تەنها وەک نموونەیەکی گریمانەیی خراونەتە ڕوو.
هاوكات دەزگاکە جەختی کردەوە، کە ئەو لێدوانانە بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە تۆمەتبارکردنی هیچ لایەنێک ناکەن، و دەرەنجامی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان نین کە لەسەر ئەو ڕووداوە ئەنجام دەدرێن.