هەرێم نیوز
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی "الحدث"، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی ئاگادار کردووەتەوە کە لە دۆسیەی کۆکردنەوەی چەک پاشەکشە ناکات و پێویستە ناوچەی جورف لسەخر بگەڕێتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی 11ـی 2026، کەناڵی "الحدث" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوییکردەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە پێویستیی گەڕاندنەوەی ناوچەی "جورف لسەخر" کردووەتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، بە جۆرێک ئاسایشی ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵییەوە بپارێزرێت.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە ڕاپۆرتێکی هەواڵگری لەبارەی بەقاچاغبردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە ناوچەی جورف لسەخر بڵاوکرایەوە، کە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ و ئازادکردنی لە دەستی داعش، لەژێر کۆنتڕۆڵی گرووپە چەکدارەکاندایە و هێزە ئەمنییەکانی حکومەت نەیانتوانیوە بچنە ناوچەکە.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا، ڕۆژی چوارشەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتیی فەریق ڕوکن سەعد موحسین عورەیبی بۆ بەدواداچوونی زانیارییەکان لەبارەی بەقاچاغبردنی نەوت لەو ناوچەیەدا.