هەرێم نیوز
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران داوای قەرەبووی ئەو زیانە مادی و سەربازییانە لە وڵاتانی ناوچە و کەنداو دەکات کە بە گوتەی ئەوان بەهۆی هاوکاریکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەر وڵاتەکەیان کەوتوون، جەختیشی کردەوە کە بەڵگەی تەواویان لەو بارەیەوە کۆکردووەتەوە.
بەڵگەکانی تاران لەسەر ڕۆڵی وڵاتانی ناوچەکە
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هەفتانەیەکەیدا ڕای گەیاند، فەرماندەی «سێنتکۆم» بە ئاشکرا دانی بەوەدا ناوە کە وڵاتانی ناوچەکە یارمەتییان داون و سوپاسیان دەکەن، بۆیە ناتوانن لەو ڕاستییە نکۆڵی بکەن، و بەڵگەکان زۆر ڕوونن کە ئەو زیانانەی بە ئێران گەیشتوون، سەرچاوەکەیان هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە بووە.
بەقایی ئاماژەی بەوەش دا، بە پێی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارنامەی ژمارە ٣٣١٤ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو وڵاتانەی بە هەر شێوازێک، چ ڕاستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ، ڕۆڵیان لەو دەستدرێژییە سەربازییەدا هەبووە، وەک هاوکار و هاوبەشی دەستدرێژکاران هەژمار دەکرێن و شەریکی ئەو تاوانانەن کە لە ئێران ئەنجام دراون.
ڕەتکردنەوەی داوای وڵاتانی کەنداو و بەدواداچوونی دیپلۆماسی
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە داواکاریی وڵاتانی کەنداو بۆ وەرگرتنی قەرەبوو، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە داواکارییەکانی دەوڵەتانی کەنداو بۆ قەرەبووکردنەوە بێبنەمان و ئەوە تارانە داوای قەرەبووکردنەوە دەکات.
ناوبراو ڕایگەیاند کە هەموو ئەو حاڵەتانەی کە وڵاتانی ناوچەکە ڕۆڵیان لە یارمەتیدانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا هەبووە، بەڵگەدار کراون و لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە ڕاستەوخۆ پێیان ڕاگەیەندراوە، و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە جددی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکات.