هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی «وۆڵ ستریت جۆرناڵ»ی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، بەگوێرەی خەمڵاندنە هەواڵگرییەکانی واشنتن، سەرەڕای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران هێشتا خاوەنی نێوان ١٥٠٠ بۆ ٢٥٠٠ مووشەکە و بە هاوکاریی ڕووسیاش کار لەسەر بونیادنانەوەی جبەخانەکەی دەکات، ئەمەش پێچەوانەی بانگەشەکانی ئیدارەی ترەمپە سەبارەت بە لەناوبردنی تەواوەتیی توانا سەربازییەکانی تاران.
جبەخانەی مووشەکیی ئێران و هاوکارییەکانی ڕووسیا
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ڕۆژنامەی «وۆڵ ستریت جۆرناڵ» لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، خەمڵاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران هێشتا لە نێوان ١٥٠٠ بۆ ٢٥٠٠ مووشەکی لەبەردەستدایە، سەرەڕای ئەو گورزانەی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەری کەوتوون؛ ئەم زانیارییانەش پێچەوانەی لێدوان و بانگەشەکانی ئیدارەی ترەمپن کە باس لە لەناوچوونی تەواوەتیی توانا سەربازییەکانی تاران دەکەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە ئێستادا ئێران کار لەسەر دووبارە بونیادنانەوەی جبەخانەکەی و پەرەپێدانی تواناکانی بۆ ئەنجامدانی هێرش بە بەکارهێنانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) دەکات، کە بەشێک لەو هەوڵانە بە هاوکاریی ڕووسیا بەڕێوە دەچن.
خێرایی بونیادنانەوەی توانا سەربازییەکانی تاران
هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە، سەرەڕای ئەو زیانە گەورانەی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەر دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێران کەوتوون، تاران لە دووبارە بونیادنانەوەی جبەخانەکەی بەردەوام بووە.
ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەش کردووە، هەرچەندە پرۆسەی دووبارە بونیادنانەوەی سیستەمی مووشەکیی ئێران بەراورد بە پێش جەنگ خاو بووەتەوە، بەڵام تاران بە شێوەیەکی سەرەکی سوودی لە پێکهاتە و کەرەستە پێشوەختە کۆگاکراوەکان وەرگرتووە، جگە لەوەی کە هێشتا خاوەنی ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کورتمەودایە.