دواین هەواڵ

جیهان‌

 17 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپای پاسداران: ڕادارێکی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکامان لە بەحرەین پێکا

هەرێم نیوز

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی وەڵامدانەوە سەربازییەکانیاندا، بە شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕادارێکی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکایان لە بنکەی هێلیکۆپتەرەکانی «ڕیفاع» لە بەحرەین کردووەتە ئامانج.

هێرشکردنە سەر ڕادارەکەی ئەمریکا لە بەحرەین
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە قۆناغی دووەمی ئەوەی ناویان ناوە «وەڵامی یەکلاکەرەوە» بۆ هێرشەکانی سوپای ئەمریکا، ڕادارێکی سەر بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکییان لە بنکەی هێلیکۆپتەرەکانی «ڕیفاع» لە بەحرەین کردووەتە ئامانج.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، هێرشەکە لە ڕێگەی ٦ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەر بە هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ئەنجام دراوە و دەنگی گورزەکانی ئەو درۆنانە لە ناوچە جیاوازەکانی بەحرەین بیستراوە، کە بە گوتەی تاران توانا ئۆپەراسیۆنییەکانی هێزەکانیان دەسەلمێنێت.

پرسی گەرووی هورمز و هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووچاری شکستێکی گەورە بووە لەوەی کە ناوی دەنێت ئەرکی یاوەریکردن، کە لە ڕاستیدا پرۆسەیەکە بۆ بەقاچاخبردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە."

سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، واشنتن ئێستا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی جووڵەی سنووردار و هەڕەمەکییەوە، سەرنجی جیهان لەو ڕاستییە دوور بخاتەوە کە گەرووی هورمز وەک شادەمارێکی زیندووی وزە، بە شێوەیەکی کردەیی داخراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP