هەرێم نیوز
⠀
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێ بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانییانە دەردەکات کە بەشێوەی قاچاخ هاتوونەتە ناو هەرێم و ئاسانکاریی داراییان بۆ دەکات تاوەکو بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.
⠀
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی 11ـی 2026، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم داوای لەو بیانییانە کرد کە مۆڵەتی نیشینگەیان نییە، بە زووترین کات سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نیشینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن، ئەوەش بە مەبەستی دەستپێکردنی ڕێکارەکانی دەرچوون و گەڕانەوەیان.
⠀
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتەکە کە پشت بە ڕێنماییەکانی پێدانی ڤیزەی ئەلیکترۆنی و نیشینگە دەبەستێت، لە بەرامبەر وەرگرتنی مۆری دەرچووندا، تەنیا بڕی ٥٠٠ هەزار دینار وەک پێبژاردن لەو کەسانە وەردەگیرێت، بێ ئەوەی ماوەی مانەوەی نایاسایی و سزاکانی پێشوویان بۆ هەژمار بکرێت.
⠀
ئەم هەنگاوە وەک هاوکارییەکی گەورە بۆ ئەو بیانییانە هەژمار دەکرێت کە چەندین ساڵە بەشێوەی نایاسایی ماونەتەوە و سزایەکی دارایی زۆریان کەوتبووە سەر، بەم بڕیارەش دەتوانن بە ئاسانکارییەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن و بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.