دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئانۆ جەوهەر؛ بەمزوانه‌ پاسی ٢٠٢٦ بە سیستەمێکی ئه‌لیکترۆنی لە هەولێرو شاره‌كانی تر دەکەوێتە کار

هەرێم نیوز

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەی ڕێکخستنەوەی گواستنەوەی گشتی بە تەواوی ئامادەیە و بەم زووانە پاسی مۆدێل ٢٠٢٦ بە سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی هاوچەرخ دەگەنە هەرێم. هاوکات ئاشکرای کرد پڕۆژەی ڕێکخستنەوەی تاکسییەکان ٩٥٪ی تەواو بووە.

پاسی مۆدێل ٢٠٢٦ و سیستەمی ئەلیکترۆنی
ئەمڕۆ هەینی، ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند: "لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ هاوچەرخکردنی کەرتی گواستنەوە، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای تایبەتمەند کراوە بۆ دابینکردنی پاسی مۆدێل ٢٠٢٦."

وەزیری گواستنەوە ئاماژەی بەوەش دا، ئەم پاسانە بە ئەپلیکەیشنی زیرەک کار دەکەن و هێڵکاری و دیزاینی شەقامەکانیان بۆ ئامادە کراوە؛ دەستپێکی پڕۆژەکە لە شاری هەولێر دەبێت و لە قۆناغەکانی دواتردا وەک ئەزموونێک دەگوێزرێتەوە بۆ سەرجەم پارێزگا و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.

تەواوبوونی ٩٥٪ی ڕێکخستنەوەی تاکسییەکان
سەبارەت بە ئەنجامەکانی ڕێکخستنەوەی تاکسییەکان، ئانۆ جەوهەر وتی: "زیاتر لە ٧٠ هەزار تاکسی تۆمار کراون؛ لۆگۆ، ژمارە و کارتی زانیارییان بۆ دروست کراوە و پشکنینی ئەمنی و یاساییان لە بنکەکانی پۆلیس و ئاسایش بۆ کراوە، بە جۆرێک ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت تاکسی لێ بخوڕێت ئەگەر پێشینەی تاوانی هەبێت. بەمەش گرفتی تاکسی بە ڕێژەیەکی بەرز کەم بووەتەوە."

هێنانی تاکسی‌میتر بە قستی درێژخایەن
سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی پڕۆژەکە، وەزیری گواستنەوە ئاشکرای کرد، ئامێرەکانی (تاکسی‌میتر) گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان و لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتەکانی گواستنەوە، ناوخۆ، سامانە سروشتییەکان، پارێزگاکان و سەندیکا پێک دەهێنرێت بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە.

ڕوونیشی کردەوە، ئامێرەکان بە قستی درێژخایەن دەدرێنە شۆفێران، و سیستەمی (GPS) و کامێرای چاودێرییان تێدا جێگیر کراوە بۆ پاراستنی ئاسایش و ژیانی هاووڵاتییان و شۆفێران.

لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا، ئانۆ جەوهەر جەختی کردەوە شەقامەکانی هەرێمی کوردستان لە باشترینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن و ئامادەییی تەواویان تێدایە بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە نوێیە، کە سەرەنجام لە قازانجی هاووڵاتییان و ڕێکخستنەوەی شارستانییانەی کەرتی گواستنەوەدا دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP