هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی تێکچوونی کەشوهەوا و نەشارەزایی، پێنج شاخەوانی خەڵکی دهۆک لە ناوچەیەکی شاخاویی سەختدا ون بوون و شەش تیم بەدوایاندا دەگەڕێن، هاوکات شوێنی دوو شاخەوانی دیکەی گرووپەکە دەستنیشان کراوە.
ڕەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران، ڕایگەیاند کە حەوت شاخەوانی خەڵکی سنووری پارێزگای دهۆک، بە مەبەستی شاخەوانی، بەرەو چیای هەڵگورد ڕۆیشتوون.
بە وتەی ئەو، دوو کەسیان لە کەمپەکە ماونەتەوە و پێنج کەسی دیکەیان بەرەو چیای هەڵگورد دەرچوون، بەڵام بەهۆی خراپیی کەشوهەوا، بارینی بەفر، تەمومژ و سەرمایی زۆری چیاکە، ڕێیان ون کردووە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنیان نییە.
هاودیانی هەروەها ئاشکرای کردووە کە ئێستا پێنج تیمی بەرگریی شارستانی، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی عەقیدی پۆلیس کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، بەرەو ناوچەکە ڕۆیشتوون بۆ گەڕان بەدوای شاخەوانە ونبووەکان و دۆزینەوەی شوێن و چارەنووسیان.