دواین هەواڵ

ئابوری‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی کارەبا: نیوەی ماڵەکانی کوردستان لە پڕۆژەی ڕووناکی کەمتر لە ٣١ هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە

هەرێم نیوز

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان داتاکانی پسوولەی مانگی ئابی پڕۆژەی ڕووناکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، زیاتر لە %٩٠ی دانیشتووان لە کارەبای ٢٤ کاتژمێری سوودمەند بوون و %٥٠ی ماڵەکانیش کەمتر لە ٣١ هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە.

وردەکاریی پسوولەکان و تێکڕای بەکارهێنانی کارەبا
ئەمڕۆ هەینی، ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، داتاکانی پسوولەی مانگی ئاب لە پڕۆژەی ڕووناکی دەریانخستووە خولی وەرگرتنەوەی پارە نزیکەی ٣٤ ڕۆژ بووە.
بەپێی داتاکان، نیوەی ماڵەکانی کوردستان کەمتر لە ٣١ هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە و تێکڕای بەکارهێنانیان کەمتر لە ٤٢٩ کیلۆوات کاتژمێر بووە.

دابەشبوونی ئاستی بەکارهێنان و گوژمەی پسوولەکان بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:
•پارێزگای هەولێر: تێکڕای وەرگیراو کەمتر لە ٣١ هەزار دینار بووە بۆ بەکارهێنانی ٤٢٣ کیلۆوات کارەبا.

•پارێزگای سلێمانی: تێکڕای وەرگیراو ٣٠ هەزار دینار بووە بۆ بەکارهێنانی ٤١٦ کیلۆوات کارەبا.

•پارێزگای دهۆک: تێکڕای وەرگیراو ٤١ هەزار دینار بووە بۆ بەکارهێنانی ٥٣٧ کیلۆوات کارەبا.

•پارێزگای هەڵەبجە: تێکڕای وەرگیراو ٢٧ هەزار دینار بووە بۆ بەکارهێنانی ٣٨٠ کیلۆوات کارەبا.

وەزارەتی کارەبا و کەمبوونەوەی تێچوو
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: "خۆشحاڵین بە ڕاگەیاندنی داتاکانی پسوولەی مانگی ئاب لە پڕۆژەی ڕووناکی، بەوپێیەی %٨٠ی هاووڵاتییان بە تایبەتی توێژی کەم دەرامەت پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر بۆ مۆلیدەی ئەهلی و کارەبای نیشتمانی خەرجیان دەکرد، لە کاتێکدا زیاتر لە %٩٠ی دانیشتووان کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە."

پاشخانی پڕۆژەی ڕووناکی
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، دواتر لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ ئەنجوومەنی وەزیران نرخە نوێکانی پەسەند کرد، بە ئامانجی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ تەواوی ماڵەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٦.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP