هەرێم نیوز
ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە ئاشکرای کرد، تاران لە ڕێگەی قەتەرەوە پێشنیازێکی نوێی ئەتۆمیی ئاراستەی ئەمریکا کردووە، بەڵام جێبەجێکردنی مەرجدار بە قبووڵکردنی حەوت داواکاریی تاران لەلایەن واشنتۆنەوە.
پێشنیازە ئەتۆمییەکەی تاران و مەرجەکانی ئێران
ئەمڕۆ هەینی، ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ئاژانسی "ڕۆیتەرز"ی ڕاگەیاند، تاران لە ڕێگەی دەوحەوە پێشنیازێکی ئەتۆمیی ڕادەستی لایەنی ئەمریکی کردووە؛ بەڵام ئاماژەی بەوە دا کە ئەم پێشنیازە تەنیا کاتێک دەکەوێتە بواری تاوتوێکردنەوە کە واشنتۆن سەرەتا حەوت داواکاریی سەرەکیی ئێران جێبەجێ بکات. بەرپرسە ئێرانییەکە ئاشکراشی کرد کە واشنتۆن لە ئێستادا سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بەو پێشنیازەدا.
پێشتریش ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بڵاوی کردبۆوە، تاران لەو پێشنیازانە دەکۆڵێتەوە کە لەلایەن نێوەندگیرەکانەوە پێشکەش کراون؛ ئامادەییی ئێران بۆ گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی وەک ئاماژەیەک بۆ پێشکەوتنی هەوڵەکانی قەتەر لێک دراوەتەوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی ڕانەگەیەندراوە.
پێشنیازەکەی ئەمریکا: تواندنەوەی یۆرانیۆم لەناو ئێراندا
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە دانوستانەکانەوە دزەیان کردووە، پێشنیازەکەی ئەمریکا بریتییە لە "تواندنەوەی" کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرز کە لە ناوخۆی ئێراندا هەڵگیراون.
ئەم پێشنیازەی واشنتۆن دوای ئەوە هات کە کاربەدەستانی ئێران بە توندی دەستپێشخەرییەکانی پێشوویان بۆ ڕەوانەکردن و گواستنەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆم بۆ وڵاتی سێیەم ڕەت کردبۆوە.