هەرێم نیوز
دەوڵەتی قەتەر وەک نێوەندگیری سەرەکیی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕایگەیاند، سەرەڕای توندبوونی ئاڵۆزییەکان، هێشتا ئومێدێکی بەهێز بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان هەردوو وڵاتدا لە ئارادایە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی پێداچوونەوەی هەردوولا بۆ ئەو پێشنیازانەی لەلایەن دەوحەوە بەگەڕ خراون.
بەردەوامیی دانوستان و ئاڵوگۆڕی پێشنیازەکان
ئەمڕۆ سێشەممە، ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند: "هێشتا پابەندبوون بە ڕێڕەوی دانوستان لەلایەن هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانییەوە بەردەوامە؛ ئێمەش وەک نێوەندگیر بە شێوەیەکی خێرا و کاتژمێر بە کاتژمێر ئاڵوگۆڕی پێشنیاز و پەیامەکانی نێوانیان دەکەین."
هەوڵەکانی دەوحە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران بە وردی سەرقاڵی پێداچوونەوە و تاوتوێکردنی ئەو بیرۆکە و دەستپێشخەرییانەن کە لەلایەن دەوحەوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە پێشکەشیان کراوە.