دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕۆیتەرز: فڕۆکەخانەکانی ئەوروپا ڕووبەڕووی هەڕەشەی بۆمب بوونەتەوە و گەشتەکان ئاراستەیان گۆڕدراوە

هەرێم نیوز

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە بەهۆی هەبوونی هەڕەشەی بۆمب و مەترسی لەسەر گەشتە ئاسمانییەکان لە ژمارەیەک فڕۆکەخانەی ئەوروپا، لانیکەم 7 گەشتی ئاسمانی تووشی پشێوی بوون.

ڕۆژی سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە کە ئەو هەڕەشانە گەشتەکانی بەرەو وارشۆ، سۆفیا، ڕۆما و فڕۆکەخانەی مورسیا لە ئیسپانیا گرتووەتەوە.

 لەکاتی ڕوودانی هەڕەشەکاندا، یەکێک لە فڕۆکەخانەکانی وارشۆ بۆ ماوەیەکی کورت دەرگاکانی داخست و هێزی ئاسمانیی ئیتاڵیا فڕۆکەیەکی جەنگیی هاوەڵی بۆ گەشتێکی بەرەو ڕۆما نارد.

 هاوکات دەسەڵاتدارانی پۆڵەندا ئاراستەی گەشتێکی هێڵی ئاسمانی لۆتیان لە لەندەنەوە بۆ فڕۆکەخانەی مۆدلین گۆڕی، بەڵام دوای پشکنین دەرکەوت هیچ کەرەستەیەکی گوماناوی تێدا نەبووە.

وەزارەتی گواستنەوەی بولگاریاش ئاشکرای کرد کە هەڕەشەی بۆمب لەسەر دوو فڕۆکەی سەر بە کۆمپانیاکانی «وێز ئێر» و «رایان ئێر» هەبووە کە بەرەو سۆفیا دەچوون، بەڵام هەردوو فڕۆکەکە بە سەلامەتی نیشتنەوە و هیچ تەقەمەنییەکیان تێدا نەدۆزرایەوە. 

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی نەگرتووەتە ئەستۆ، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەوروپا، ڕووسیا و ئێران بە ئەنجامدانی هێرشی تێکەڵکارانە تۆمەتبار دەکەن، بەڵام مۆسکۆ و تاران سەرجەم تۆمەتەکان ڕەت دەکەنەوە و بە هەواڵی بێبنەمای ئەوروپییەکان بۆ دروستکردنی پشێوی ناوی دەبەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP