دواین هەواڵ

جیهان‌

 59 خولەک پێش ئێستا

ڕۆیتەرز: پێداگیریی تاران لەسەر مەرجەکانی هەوڵەکانی راگرتنی جەنگی پەکخستووە

هەرێم نیوز

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە بەهۆی سووربوونی تاران لەسەر هەڵوێست و مەرجەکانی پێشووی، گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا ئەستەم بووە.

ڕۆژی سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە بڵاوی کردەوە کە نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لە کاتێکدایە کە قەتەر هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی سەربازی لە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا چڕتر کردووەتەوە. بەپێی سەرچاوەکە، نێوەندگیرە قەتەرییەکان شەوی دووشەممە بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەسەر ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە گەیشتوونەتە تاران، کەچی بەرپرسە ئێرانییەکە جەختی کردەوە کە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، دەبێت ئەمریکا سزاکانی سەر کەرتی نەوت و گەمارۆی دەریایی هەڵبگرێت و سامانی بلۆککراوی ئێران ئازاد بکات.

لە سەر ئاستی مەیدانیش، هێزەکانی ئەمریکا لە میانی شەودا زنجیرەیەک هێرشی سنوورداری بەرگرییان کردە سەر پێگە مووچەکییەکانی دوورگەی قشم لە ئێران. هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی «فۆکس نیوز» ڕایگەیاند کە ئەوان بە دوای کوشتنی خەڵکەوە نین، بەڵام ئەگەر ناچار بن پەنا بۆ هێزی سەربازی دەبەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP