هەرێم نیوز
ئەحمەد حەیات موقەدەم، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند کە چوار وڵات (هیندستان، چین، عێراق و قەتەر) لە کۆتوبەندەکانی پەڕینەوە لە گەرووی هورمز بەخشراون و ڕێگە بە کەشتییەکانیان دەدرێت بە ئازادی بەو ڕێڕەوە ئاوییەدا تێپەڕ ببن.
ڕۆژی سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەحمەد حەیات موقەدەم لە میانی کۆبوونەوەیەکدا بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئابووری و ئەمنی ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی ڕێککەوتنی جۆراوجۆری ئەنجام داوە و بۆ هەر یەکێک لەو لێخۆشبوونانە هۆکارێکی دیاریکراو لە ئارادایە، هاوکات ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمریکییەکانیش دژی ئەم هەنگاوەی ئێران نین.
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران ڕوونی کردەوە کە بەخشینی هیندستان لە کۆتوبەندەکان بە مەبەستی ئاسانکارییە بۆ هاوردەکردنی دەرمان بۆ ناو ئێران، لە کاتێکدا بڕیاری لێخۆشبوون بۆ کەشتییەکانی چین بە ئامانجی دەستەبەرکردنی پشتیوانیی سیاسیی ئەو وڵاتە دراوە.