هەرێم نیوز
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل زانیاریی نهێنییان رادەستی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو کردووە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئێران بیر لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکاتەوە، کەچی لە بەرامبەردا بەشێک لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ناوچەکە بە گومانێکی قووڵەوە لەو زانیارییانە دەڕوانن.
ڕۆژی سێشەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، نیویۆرک تایمز بڵاوی کردەوە که لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ئیسرائیل بە بەرپرسانی واشنتنی ڕاگەیاندووە کە ئێران بە خێرایی کار لەسەر پەرەپێدانی تەکنەلۆژیایەک دەکات تاوەکو کڵاوەی کیمیایی لەسەر مووشەکی بالیستی جێگیر بکات، یاخود لە دژی ئیسرائیل و نەیارەکانی بەکاریبهێنێت.
ئەم زانیارییانە جەمسەربەندی و مشتومڕی توندی لە کۆشکی سپیدا دروست کردووە؛ بە جۆرێک بەشێکی زۆری بەرپرسان بە پڕوپاگەندەی سیاسیی دەزانن کە لە لایەن حکوومەتی بنیامین ناتانیاهۆوە داڕێژراوە تاوەکو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ناچار بە هێرشی سەربازی بکات.
ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتە روو کە ئیسرائیل هەمان زانیاریی داوەتە وڵاتانی کەنداو، بەڵام بەرپرسانی کەنداو باوەڕیان بەو تۆمەتانە نەکردووە و پێیان وایە ناتانیاهۆ دەیەوێت واشنتن بباتە ناو قۆناغێکی خوێناویترەوە و بۆ مانەوەی سیاسیی خۆی پێویستی بە دۆخێکی نائاساییە.
بۆ زۆرێک لە بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا،، ئەم تۆمەتانە سیناریۆی ساڵی 2003 و داگیرکردنی عێراقیان بە بیری هێناوەتەوە.
یەکێک لەو خاڵانەی گومانی لەسەر راستیی زانیارییەکان دروست کردووە ئەوەیە که سوپای ئیسرائیل هیچ ئامادەکارییەک یان هۆشدارییەکی سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی چەکی کیمیایی بە هاووڵاتییانی نەداوە.
لە لایەکی ترەوە، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پلانێکی ئامادەکراوی بۆ لێدانی پێگە هەستیارەکانی ئێران لەبەردەستدایە کە دەکرێت دوای هەڵبژاردنی نیوەی خول جێبەجێ بکرێت، لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی هەبوونی چەکی کیمیایی ڕەت کردووەتەوە و ئەم بانگەشانەی بە جەنگی دەروونیی ناتانیاهۆ ناو بردووە.