هەرێم نیوز
ئەمڕۆ سێشەممە، ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا بە بەشداریی نزیکەی ٢١٠ ملیۆن دەنگدەر دەست پێ دەکات، دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ڕابردووەوە پرۆسەی دەنگدان لە ڕێگەی پۆستە و دەنگدانی پێشوەختەوە دەستی پێ کردبوو.
کورسییە کێبڕکێکراوەکان و پۆستی پارێزگارەکان
لەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازەدا، کێبڕکێی توند لە سەرجەم ٤٣٥ کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران و ٣٥ کورسی لە کۆی ١٠٠ کورسییەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ئەنجام دەدرێت. هاوکات لە ٣٦ ویلایەتیشدا هاووڵاتییان دەنگ بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارە نوێییەکانیان دەدەن.
هاوکێشەی دەسەڵات لە واشنتۆن
ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هاوکێشەی دەسەڵاتی سیاسی لە واشنتۆن دەبێت؛ ئەگەر دیموکراتەکان بتوانن زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران بەدەست بهێننەوە، دەسەڵاتی یاسایی ڕەتکردنەوە یان دواخستنی دامەزراندنی کاندیدەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان بۆ پۆستە باڵاکانی دەوڵەت و دادگای فیدراڵیی ئەمریکا دەبێت.