هەرێم نیوز
لە کاردانەوەی بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی ئەمپێر، خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان لە کەرکووک کارکردنی مۆلیدەکانیان ڕاگرت و بەهۆیەوە تاریکی باڵی بەسەر بەشێکی زۆری گەڕەکەکاندا کێشا؛ هاوکات خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان دەستیپێکردەوە و جێگری یەکەمی پارێزگاریش فەرمانی دەستبەجێی بەکارخستنەوەیانی دەرکرد.
ئەمشەو دووشەممە، 2ـی 11ـی 2026، بەشێک لە هاووڵاتییانی کەرکووک لە چەندین گەڕەکی شارەکە (بە تایبەت گەڕەکەکانی سێکانیان، گورگەچاڵ، دەروازە، ڕەحیماوا، و باروتخانە) جارێکی دیکە ڕژانە سەر شەقامەکان؛ ئەمەش دوای ئەوە هات کە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان بەهۆی ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیاری دابەزاندنی نرخ، مۆلیدەکانیان کوژاندەوە و لەگەڵ بڕانی کارەبای نیشتمانیدا، گەڕەکەکان بێ خزمەتگوزاری مانەوە.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ لەژێر گوشاری ناڕەزایەتیی هاووڵاتییاندا، قائیمقامیەتی کەرکووک بڕیاری دابوو نرخی ئەمپێر لە ١٨ هەزارەوە بۆ ١٥ هەزار دینار داببەزێنرێت، هاوکات ئەنجوومەنی پارێزگاش بڕیاری دیاریکردنی ١٣ هەزار دیناری بۆ هەر ئەمپێرێک پەسەند کرد؛ بەڵام لە بەرامبەردا خاوەن مۆلیدەکان بەهۆی گرانیی نرخی گاز ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوایان کردبوو نرخەکە بکرێتە ٢٠ هەزار دینار.
لە نوێترین پێشهاتیشدا، پارێزگای کەرکووک لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە ڕێبوار تەها، جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک فەرمانی بە ڕابیتەی مۆلیدە ئەهلییەکان کردووە بە زووترین کات مۆلیدەکانیان بخەنەوە کار؛ هەروەها ڕەزامەندیی وەزارەتی کارەبای عێراقی وەرگرتووە کە پشکی کارەبای نیشتمانیی شارەکە لە ٦٥٠ مێگاواتەوە بۆ ٨٠٠ مێگاوات بەرزبکرێتەوە، تا ئەو کاتەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی مۆلیدەکان دەدۆزرێتەوە.