هەرێم نیوز
عەلی ڕەئووف، نوێنەری گشتیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بگاتە ڕێککەوتن، ٢٥ هەزار کەس لە هەرێم دادەمەزرێن و زیاتر لە ٨٠ هەزار فەرمانبەری گرێبەستیش دەکرێنە هەمیشەیی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی 11ـی 2026، عەلی ڕەئووف لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر چارەنووسی فەرمانبەرانی گرێبەست و دۆسیەی دامەزراندن لە هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوە کرد، هەنگاوەکان بۆ بەهەمیشەییکردنی زیاتر لە ٨٠ هەزار فەرمانبەری گرێبەست بەستراونەتەوە بە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی کۆتاییی دارایی لە نێوان هەولێر و بەغدا.
ناوبراو دەشڵێت، لە چوارچێوەی هەمان ڕێککەوتندا دەرفەتی دامەزراندنی نوێ بۆ ٢٥ هەزار کەس لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەڕەخسێت، ئەمەش بەندە بەوەی هەردوولا لەسەر شایستە دارایییەکان و ڕێکخستنی میلاکات بگەنە ئەنجامی بنەڕەتی.