هەرێم نیوز
میدیا ئەمریکییەکان لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەیانەوە ئاشکرایان کرد، واشنتۆن هێرشێکی بەرگریی لە دژی چەند ئامانجێکی ئێرانی لە دوورگەی قشم لە گەرووی هورمز ئەنجام داوە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دروستکردنی مەترسی بۆ سەر جووڵەی کەشتیوانیی بازرگانی.
پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی فەرمییەوە بڵاوی کردەوە، هێرشەکەی سەر دوورگەی قشم هاوشێوەی هێرشە سنووردارەکانی دیکەیە کە واشنتۆن دژی ئێران ئەنجامی داون، و مەبەستی سەرەکی تێیدا ڕێگریکردن بووە لە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز. ئاماژە بەوەش کراوە کە پێشتر سوپای پاسداران تەقەی لە دوو فڕۆکەی ئەمریکی کردبوو کە بەسەر ئاسمانی گەرووی هورمزدا دەسوڕانەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاوی کردەوە، هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی قشم ئاماژە نییە بۆ ئەوەی شەڕێکی فراوان لە ناوچەکەدا هەڵبگیرسێنێتەوە، و جەختی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکان بە تەواوی سنووردار بوون.
بانگەشەی تاران لەسەر خستنەخوارەوەی درۆن
پێشتر میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاندبوو کە دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە دوورگەی قشم لە باشووری وڵاتەکە بیستراوە. ئەمەش دوای ڕاگەیەندراوێکی سوپای پاسداران هات کە تێیدا بانگەشەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی ئەمریکی کردبوو، هاوکات ڕاشیگەیاندبوو کە لە ڕووداوێکی جیاوازدا لە نزیک گەرووی هورمز دەستیان بەسەر دوو فڕۆکەی دیکەدا گرتووە.