دواین هەواڵ

جیهان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

دۆناڵد ترەمپ: ئامادەین بۆ لێدانی ئێران و سەرجەم فڕۆکە و کەشتییەکانیانمان تێکشکاندووە

هەرێم نیوز
⠀
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەکات و ڕایدەگەیەنێت، واشنتن بە جدی بیر لە لێدانی تاران دەکاتەوە و لە هەمان کاتیشدا دەرگای بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ بە کراوەیی هێشتووەتەوە.
⠀
ئەمڕۆ شەممە، 24ـی 10ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکەنەوە و ڕەنگە کارێکی لەو شێوەیە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا ڕووبدات.
⠀
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەرێک هەیە هێرش بکەنە سەر ئێران و ئەگەرێکی دیکەش هەیە لەگەڵیاندا بگەنە ڕێککەوتنێکی گەورە.
⠀
سەرۆکی ئەمریکا وتی، بە کاریگەرییەوە مامەڵەی لەگەڵ پرسی ئێراندا کردووە و لە هەردوو بژاردەی ڕێککەوتن یان هێرشی سەربازیدا ئەمریکا سەرکەوتوو دەبێت.
⠀
ترەمپ ستایشی هێزەکانی ئەمریکای کرد و ئاشکرای کرد کە توانا سەربازییەکانی ئێرانیان تێکشکاندووە بە جۆرێک ٢٥٩ فڕۆکەی جەنگی و ٢٥٩ کەشتییان لەکار خستووە.
⠀
سەبارەت بە ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی، ترەمپ ڕوونیکردەوە کە دەیانتوانی ساڵێک لەمەوبەر بە بۆمبهاوێژەکانی بی-٢ هێرش بکەن بەڵام بۆ ئەوەی دوای ساڵێک یان دوو ساڵی دیکە تاران نەگەڕێتەوە سەر هەوڵەکانیان پێویستیان بە چارەسەرێکی هەمیشەیی و بنبڕە.
⠀
هاوکات سەرکردایەتیی ئێرانی بە کوشتنی ٧٥ هەزار خۆپیشاندەر و بەرپرسیارێتی لە کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و سەربازانی ئەمریکی تۆمەتبار کرد.
⠀
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە گەندەڵی، ترەمپ بەرگری لە خۆی کرد و وتی، گەندەڵیی ڕاستەقینە لەو ناوچانەدایە کە لەژێر کۆنترۆڵی دیموکراتەکاندان.
⠀
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتی بەشداریکردنی لە دەنگدانی پێشوەختەی هەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمریکادا هات کە تیایدا کۆمارییەکان کێبڕکێیەکی سەخت دەکەن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو لێدوانەی پێشووتری کە ڕایگەیاندبوو ڕادارەکانی ئێرانیان تێکشکاندووە کە لە بنەڕەتدا لەلایەن مامییەوە داهێنرابوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP