هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، کە دۆناڵد ترەمپ بژاردەی سەربازیی نوێی دژی ئێران تاوتوێ کردووە، کە پێکهاتوون لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ئەو دوورگانەی لەژێر کۆنترۆڵی تاراندان، هاوکات ئەمریکا بەشێک لە کارمەندانی بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکە کێشاوەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 24ـی 10ـی 2026، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگاداری ئەو بژاردە سەربازییە نوێیانە کراوەتەوە کە دژی ئێران ئامادە کراون.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بژاردەکان بریتین لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ئەو دوورگانەی کە تاران کۆنترۆڵی کردوون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان لە چەند هەفتەی داهاتوودا چڕتر بوونەتەوە.
ڕۆژنامەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، کە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان بۆ ئەگەری پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران ئامادە دەکەن، و ترەمپ مەیلی بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشە گەورەکان هەیە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە نەداوە.
لە هەمان کاتدا، واشنتن بەشێک لە کارمەندانی لە بنکە سەربازییەکانی ناوچەکە گواستووەتەوە، ئەوەش وەک ڕێکارێکی پێشوەختە بۆ پاراستنیان لە هەر هێرشێکی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ سەر جموجووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار.
پێشتر نیویۆرک تایمزیش ئاشکرای کردبوو کە ئەمریکا و ئیسرائیل پلانیان بۆ هێرشێکی کورت و چڕ داناوە کە تیایدا توانای ئەتۆمی و سەکۆ مووشەکییەکانی ئێران بکرێنە ئامانج. لە بەرامبەریشدا، بەرپرسانی ئێران هۆشداریی توندیان داوەتە ئەمریکا و هەڕەشەی بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە ناوچەکەدا دەکەن ئەگەر هێرشیان بکرێتە سەر.