دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی ڕوونکردنەوە لەبارەی کڕینی خانووبەرە لەلایەن هاووڵاتییانی عێراقییەوە بڵاو دەکاتەوە

هەرێم نیوز

سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی ڕایگەیاند که ئەو بڕیارەی دادگای کارگێڕیی سلێمانی کە لە 21ی تشرینی یەکەمی 2026 دەرچووە، پلەی بنەبڕیی وەرنەگرتووە و لێکدانەوەی هەڵەی بۆ کراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی ئاماژەی بەوە دا که بڕیارەکەی دادگای کارگێڕی لە مەنتووقەکەیدا تەنها هەڵوەشاندنەوەی فەرمانێکی کارگێڕیی لەخۆ گرتووە لە ڕووی تایبەتمەندێتییەوە و هیچ بەڵگەیەکی یاسایی (حوجییەت) پێک ناهێنێت، چونکە تەنها تاوتوێی حاڵەتێکی تایبەتی کردووە و بە یەکلاکەرەوە دانانرێت هەتاوەکو پلەی کۆتایی وەردەگرێت.

سەبارەت بە بابەتی خاوەندارێتیی خانووبەرەش، دادگاکە ڕوونی کردەوە که دەستووری عێراق و یاسا تایبەتەکان، لە پێشیانەوە یاسای تۆمارکردنی خانووبەرە، بابەتی خاوەندارێتییان لە سلێمانیش هاوشێوەی شارەکانی تری عێراق ڕێکخستووە، و هیچ بەربەستێکی یاسایی نییە کە ڕێگر بێت لەبەردەم هاووڵاتییانی ناوچەکانی تری عێراق بۆ خاوەندارێتیی یاساییی شوقە و خانووبەرە، بەو پێیەی بەپێی دەستوور هاووڵاتییان لە ماف و ئەرکدا یەکسانن بەبێ جیاکاریی ناوچەگەرێتی.

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا،جەخت لەوە کرایەوە که ناکرێت هەر کەسە و لای خۆیەوە ڕاڤە و لێکدانەوە بۆ بڕیارێکی دادوەری بکات کە پلەی بنەبڕیی وەرنەگرتووە و گشتاندن بۆ حاڵەتێکی تایبەت بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP