هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند که لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوول، بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب،، ڕەوانەی شاری بەغدا کرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە که ئێوارەی ئەمڕۆ بە واژۆی بەڕێز ئاوات شێخ جەناب، لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوول لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتەوە ڕەوانەی بەغدا کراون، و بڕیارە سبەی پێنجشەممە بە فەرمی ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی داراییی فیدراڵ بکرێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە که لە ڕوانگەی ئەوەی پرسی مووچە بابەتێکی نیشتمانییە و بە مەبەستی دروستنەبوونی هیچ کێشەیەک بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و چین و توێژە جیاوازەکان، ئاوات شێخ جەناب واژۆی لەسەر لیستی مووچە کردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە که ناوبراو لە 29ی ئەیلوولەوە واژۆی لەسەر هیچ نووسراوێک نەکردبوو و سوور بوو لەسەر ئەو هەڵوێستانەی کە لە سەرەتای مانگەوە ڕایگەیاندبوون.