هەرێم نیوز
هێزەکانی سەنعا (حوسییەکان) لە پەیامێکی بەپەلەدا داوایان لە سەرجەم ئەو چەکدار و سەربازە یەمەنییانە کرد کە لە ناو کەمپە سەربازییەکانی سعوودیەدان، دەستبەجێ ئەو بنکانە چۆڵ بکەن و بکشێنەوە تاوەکو گیانیان پارێزراو بێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی 10ـی 2026، سەرچاوە هەواڵییەکان لە سەنعاوە بڵاویانکردەوە، هێزەکانی سەر بە ئەنساروڵڵا هۆشداریی توندیان ئاراستەی ئەو یەمەنییانە کردووە کە لە هێڵەکانی پێشەوەی سنوور لەگەڵ سوپای سعوودیە جێگیر کراون و داوایان لێدەکەن بەر لە دەستپێکردنی هەر ئۆپەراسیۆن و پێکدادانێکی نوێ، ئەو شوێنانە بەجێبهێڵن.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، باس لەوە دەکرێت هەزاران چەکداری یەمەنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعوودیەوە لەسەر کێشراوەی تەلبەندی سنووری جێگیر کراون بە جۆرێک وەک هێڵی بەرگریی سەرەتایی و قەڵغانی مرۆیی بۆ پاراستنی سەربازانی سعوودیە بەکاردەهێنرێن، بەر لەوەی هێزەکانی سەنعا ڕاستەوخۆ بگەنە سەنگەرەکانی سوپای سعوودیە؛ هاوکات زانیارییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە زۆربەی ئەو چەکدارانەی لە کەرتی سنووریدا جێگیر کراون خەڵکی پارێزگای تەعزن.