هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکی تونددا هێرشی کردە سەر ڤلۆدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و ڕایگەیاند کە ناوبراو وڵاتەکەی بەرەو لەناوچوون دەبات و پێویستە دەستبەرداری دەسەڵات بێت تاوەکو سەرکردەیەکی نوێ دەست بە دانوستان لەگەڵ ڕووسیا بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی 10ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ڤلۆدیمێر زێلینسکی بە شێوازێکی خراپ دۆخی جەنگ و وڵاتەکەی بەڕێوەبردووە، بۆیە پێویستە ڕێگە بدات کەسێکی دیکە سەرکردایەتیی ئۆکراینا لە ئەستۆ بگرێت تاوەکو ئەو سەرۆکە نوێیە بتوانێت لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، پرۆسەی دانوستان و گفتوگۆ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەستپێبکات.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە لە قۆناغەکانی ڕابردوودا دەرفەتی زۆر بە زێلینسکی دراوە، بەڵام هیچ کام لەو دەرفەتانە سوودیان نەبووە و نەبوونەتە مایەی گەیشتن بە چارەسەر.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، ترەمپ باسی لە ناڕەزایەتیی ناوخۆییی ئۆکراینییەکان کرد و وتی، لە ئێستادا هاووڵاتییانی ئۆکراینا لۆمەی سیاسەتەکانی زێلینسکی دەکەن، چونکە بە وتەی ئەو، بەهۆی پێداگری و سیاسەتەکانییەوە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکار و ڕۆڵەکانیان لە بەرەکانی جەنگدا بە کوشت بچن.