دواین هەواڵ

جیهان‌

 51 خولەک پێش ئێستا

ترەمپ: ئامادەین گورزی بەهێزی سەربازی و ئابووری لە ئێران بدەین

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا هەڕەشەی توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند کە واشنتۆن ئامادەیە گورزێکی بەهێزی سەربازی و ئابووری لە ئێران بوەشێنێت، هاوکات ئاشکراشی کرد کە لەسەر پرسەکانی ئێران، ئۆکراینا و سووتەمەنی دانوستان لەگەڵ ڕووسیا ئەنجام دەدەن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی 10ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە کۆشکی سپی کۆمەڵێک بژاردەی توندی لەبەردەستدایە و ئەگەری زۆر هەیە گورزێکی کەمەرشکێن لە کەرتی ئابووری و ژێرخانی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بدات ئەگەر گرژییەکان بەردەوام بن.
 
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە ڕێکارە دیپلۆماسییەکان کرد و ڕوونی کردەوە کە بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک لە قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت دۆسیەی جەنگی ئۆکراینا، ئاڵۆزییەکانی تایبەت بە ئێران و پرسی گواستنەوەی سووتەمەنی و وزە لە جیهاندا، کەناڵەکانی پەیوەندی و دانوستان لەگەڵ ڕووسیا بەکاردەهێنن تا بگەنە لێکتێگەیشتن.
 
ئەم پەیامە توندانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدا دێن کە بارگرژییە سەربازییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێڕەوە ئاوییەکاندا لە هەڵکشانی بەردەوامدان و واشنتۆن ڕێوشوێنە بەرگری و سیاسییەکانی خۆی لە بەرامبەر تاران گەیاندووەتە ئاستێکی باڵا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP