دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

دۆناڵد ترەمپ پشتیوانیی خۆی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل ڕادەگەیەنێت

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانیی تەواو و بێمەرجی خۆی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا ڕاگەیاند، و هۆشداریی دا کە ئەگەر کەسێکی دیکە ببێتە سەرکردەی ئیسرائیل، ئەوا ئەمریکا ناچار دەبێت خۆی ئەرکەکەی دژی ئێران تەواو بکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی 10ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) پەیامێکی بڵاوکردەوە، و تێیدا ڕایگەیاند، "با ئەم پەیامە وەک شایەتحاڵێک بێت بۆ پشتیوانیی تەواو و بێمەرجی من بۆ بیبی ناتانیاهۆ لە کێبڕکێی دووبارە هەڵبژاردنەوەیدا وەک سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل."

ترەمپ لە درێژەی پەیامەکەیدا ڕایگەیاند، ئەگەر کەسێکی دیکە جگە لە ناتانیاهۆ سەرکردایەتیی ئیسرائیل بگرێتە دەست، ئەوا ئەمریکا ناچار دەبێت خۆی ئەرکەکەی دژی ئێران تەواو بکات، کە ئەمەش شتێکە ئەو نایەوێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر ئێران بە خێرایی ڕێبازەکەی نەگۆڕێت، ئەوا بەمزووانە ئەرکەکەیان دژی ئەو وڵاتە تەواو دەکەن، چونکە ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیکی گورزی گەورەی سەربازی و دارایی بەرکەوتووە.

ئەم ڕاگەیاندنەی پشتیوانییەی ترەمپ لە کاتێکدایە، کە ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ڕێکەوتی (27ـی 10ـی 2026).

لەم هەڵبژاردنەدا کێبڕکێیەکی توند لە نێوان پارتی لیکود بە سەرۆکایەتیی ناتانیاهۆ و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەتی پارتی ناوەڕاستگیری (یەشار) بە سەرکردایەتیی گادی ئایزنکۆت، سوپاسالاری پێشووی ئیسرائیل هەیە.

ڕاپرسییەکان ئاماژە بە نزیکیی دەنگی هەردوو بەرەکە دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ لایەکیان زامنی بەدەستهێنانی زۆرینەی پێویست بکەن (کە ٦١ کورسییە لە کۆی ١٢٠ کورسیی پەرلەمان) بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP