هەرێم نیوز
موحسین ڕەزایی، نوێنەری ڕێبەری ئێران و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ئاشکرای کرد کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی پلانی نوێیان بۆ جەنگ ئامادە کردووە و هەڕەشەی بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ لە ڕاستییەکانی گۆڕەپانەکە ناگۆڕن.
پەیامەکەی موحسین ڕەزایی و هەڕەشەکانی تاران
موحسین ڕەزایی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە کۆماری ئیسلامی پەیامێکی بڵاو کردەوە و نووسیویەتی: "خەیاڵپڵاوی و هەڕەشە و گوڕەشەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی، ڕاستییەکانی گۆڕەپانەکە ناگۆڕن."
هەر لە پەیامەکەیدا، بە هۆشدارییەک ئاماژەی بە دەستپێکردنەوەی جەنگ و گۆڕانی تەکتیکی شەڕ دا و گوتی: "بە هێزە چەکدارەکانی ئێران پلانی نوێ و وێرانکەریان بۆ هەر سەرکێشییەکی دیکەی هاوشێوەی جەنگەکانی ١٢ ڕۆژە و ٤٠ ڕۆژە ئامادە کردووە. بەڵام پلانی نوێی ئۆپەراسیۆنی ئێران بەگوێرەی ئەو ڕێسا و بنەمایانەی ئەوان شارەزای بوون، نابێت."
متمانەدان بە وەزیری نوێی بەرگریی ئێران
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، ئەندامانی پەرلەمانی ئێران بە زۆرینەی دەنگ متمانەیان بە مەهرداد ئەخلاقی وەک وەزیری نوێی بەرگریی ئێران بەخشی.
ئاژانسی فەرمیی "ئیرنا" لەوبارەیەوە ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا لە کۆی ٢٧٧ پەرلەمانتاری ئامادەبوو، ٢٣٧ نوێنەر بە بەڵێ دەنگیان بە کاندیدی وەزارەتی بەرگری دا، لە بەرامبەر ١٥ دەنگی نەخێر؛ بەمەش ئەخلاقی توانی متمانەی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتەکە بە دەست بهێنێت. مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە نامەیەکدا بۆ پەرلەمان، مەهرداد ئەخلاقی وەک کاندیدی حوکوومەت بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی بەرگری دیاری کردبوو.
هەڕەشەکانی واشنتن و بژارەکانی بەردەم تاران
ئەم لێدوان و گۆڕانکارییانە لە سایەی هەڕەشە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا دێن کە ڕایگەیاند، کاتی گەیشتن بە بڕیاری یەکلاکەرەوە لە نێوان ڕێگەی دیپلۆماسی و تێکشکاندنی سەربازیدا زۆر نزیک بووەتەوە، و جەختی کردەوە کە ئێران تەنیا دوو بژارەی لە پێشە؛ یان دەبێت بە ناچاری بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان و کۆتایی بە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی و هەژموونی ناوچەیی بهێنێت، یان ڕووبەڕووی وەڵامێکی سەربازیی خێرا و وێرانکەر دەبێتەوە.