هەرێم نیوز
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دیدارێکی سیاسی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەراوێزی خولی ٥٢ی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە بەغدا، دووپات کردەوە کە ئەمریکا بەرپرسە لە شکستی گفتوگۆی دیپلۆماسی و تێکدانی ئاسایشی کەشتیوانی لە کەنداو.
تۆمەتبارکردنی ئەمریکا و هەڵوێستی تاران
لە میانەی دیدارەکەیدا لەگەڵ عەلی ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەباس عێراقچی ڕایگەیاند کە ئەمریکا ڕێگرە لە بەردەم بژاردەی دیپلۆماسی و بەرپرسە لە نەبوونی ئاسایش و سەقامگیریی کەشتیوانی لە ناوچەی کەنداو، بەهۆی ئەو هەڵمەتە سەربازییەی کە دژی ئێرانی ئەنجام داوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران هەمیشە بە بایەخ و پێزانینی گەورەوە سەیری ڕۆڵی دیپلۆماسی دەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەری هاوبەش.
ئەم لێدوانانەی عێراقچی لە کاتێکدایە کە ئەمریکا دووپات لە ئامادەییی تەواو بۆ وەشاندنی گورزێکی تری سەربازی لە ئێران دەکاتەوە و ئێرانیش نایشارێتەوە کە بە تەواوی ئامادەن و بەرپەرچی هێرشەکانی ئەمریکا دەدەنەوە.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لە مانگی ڕابردوودا، گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن دەستیان پێ کردەوە، بەڵام دوای ئاڵوگۆڕی پەیام لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە لە نێوان هەردوولادا، هیچ دەرئەنجامێک لە گفتوگۆکان نەكەوتەوە و جارێکی تر زمانی هەڕەشەئامێز و گرژی لە نێوان هەردوولادا دەركەوتەوە.