دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پزیشکیان ڕووبەڕووی سەخترین دۆخی ٤٨ ساڵی ڕابردوو بووینەتەوە

هەرێم نیوز


لە کاتێکدا وتاربێژی نوێژی هەینیی تاران ڕایدەگەیەنێت کە ئابووریی وڵاتەکەی نەک هەرەسی نەهێناوە بەڵکوو چالاکتر بووە، هاوکات مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی لە ماوەی ٤٨ ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی ئاستەنگ و گەمارۆی ئەوەندە سەخت نەبووەتەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی، 16ـی 10ـی 2026، وتاربێژی نوێژی هەینیی تاران لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لایەنی ئەمریکی بانگەشەی ئەوەی دەکرد ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دوو هەفتەدا بە تەواوی دادەڕمێت، بەڵام ئەو وادەیە تێپەڕی و ئابووریی وڵات پڕجووڵە و چالاکتر بووە؛ ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد تەنانەت سەرۆکی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانییش باسی لەوە کردووە کە ئێران لە مانگی ڕابردوودا توانیویەتی کۆنترۆڵی ڕەوشەکە بکات.
 
لە بەرامبەردا، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە وتارێکدا کە لە ڕێگەی تەلەڤزیۆنی فەرمیی دەوڵەتەوە پەخش کرا، وێنەیەکی جیاوازتری خستەڕوو و ڕایگەیاند، لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی ١٩٧٩ـەوە ئێران ڕووبەڕووی توندترین ئابڵۆقە بووەتەوە و ئەمریکاشی تۆمەتبار کرد بەوەی بە ئەنقەست گوشارە ئابوورییەکان لەسەر گوزەرانی هاووڵاتییان چڕ دەکاتەوە تاوەکو ناڕەزایەتیی ناوخۆیی دروست بکات.
 
پزیشکیان جەختی لەوەش کردەوە، لە ماوەی ٤٨ ساڵی تەمەنی شۆڕشدا، وڵاتەکەی هەرگیز ڕووبەڕووی گەمارۆ، شەڕ و قەیرانێکی ئەوەندە توند نەبووەتەوە کە هاوشێوەی ئەو ئابڵۆقە دارایی و ئابوورییە قورسە بێت کە ئەمڕۆ بەرۆکی ئێرانی گرتووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP