هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە هیچ خۆشەویستییەک بۆ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، نییە و پێی وایە دیالۆگ لەگەڵی زۆر لە پووتین سەختترە، و هاوکات نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی ڕووسیا دەربڕی و جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا.
ڕەخنەکانی ترەمپ لە زێلێنسکی و داواکردنی هەڵبژاردنی نوێ
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (نیوزماکس) ئاشکرای کرد: "زێلێنسکی کەسێکی باش نییە بۆ مامەڵەکردن و نایەوێت بگاتە چارەسەرێک، بەڵکو تەنیا بانگەشەی بۆ دەکات."
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی توندیشی لە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی ڕووسیا گرت و گوتی: "کاتێک پاڵاوگەکانی دیزل بۆردومان دەکەیت کە جیهان و ئێمەش پێویستمان پێیەتی، ئەوا هیچ خزمەتێک بە ئابووریی جیهان ناکەیت و تەنیا نرخی نەوت لە جیهاندا بەرز دەکەیتەوە."
لەبارەی کۆتاییهاتنی جەنگیشەوە، ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە دەبێت ئەم جەنگە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆتایی پێ بێت، بەڵام دانی بەوەدا نا کە ئەوەی ئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان زێلێنسکی و پووتین زۆر قورس کردووە ڕق و کینەی نێوانیانە.
لە پرسێکی دیکەی ناوخۆی ئۆکرانیاوە، ترەمپ پرسیاری لەسەر شەرعییەت و پشتیوانیی جەماوەریی زێلێنسکی کرد و بە ئاشکرا داوای کرد هەڵبژاردنی نوێ لە ئۆکرانیا ئەنجام بدرێت، بەو پێیەی پێی وایە هاووڵاتییانی ئۆکرانیا لەو دۆخە نەخوازراوە و بۆردومانی باڵەخانەکانیان ڕازی نیین.
ترەمپ هەروەها ڕەخنەی لە دۆسیەی هاوکارییە سەربازییەکانی جۆ بایدنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا گرت و ڕایگەیاند کە ئیدارەکەی خەریکە یەدەگی چەکی ئەمریکی نوێ دەکاتەوە و لە داهاتوودا ڕێگە بە هاوپەیمانەکانی دەدات چەک لە ئەمریکا بکڕن.
لووتکەی سەرکردەکانی ئەوروپا و پشتیوانیکردن لە زێلێنسکی
دوای ڕەخنە توندەکان لێی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، ئەمڕۆ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی بەشداریی لووتکەی سەرکردەکانی ئەوروپا دەکات. زێلێنسکی گەیشتووەتە بروکسلی پایتەختی بەلجیکا و بڕیارە بەشداریی لووتکەکە بکات، و سەرکردە ئەوروپییەکانیش لە دژی ڕەخنەکانی دۆناڵد ترەمپ، پشتیوانیی خۆیان بۆ زێلێنسکی دووپات دەکەنەوە.
دۆناڵد تاسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵندا، لە پۆستێکدا لە ئێکس وێنەیەکی زێلێنسکیی داناوە و لەسەری نووسیوە: "تۆ تەنیا نیت." لە کاتێکدا کە ئۆکرانیا بەردەوام داوای هاوکاریی دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ڕووسیا، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ سەرکردە ئەوروپییەکان بڕیاری پێدانی قەرزێکی ١٠٠ ملیار دۆلاری بە ئۆکرانیا بدەن بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو.