هەرێم نیوز
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندی کرد بەرامبەر بە هەوڵە بەردەوامەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا بۆ بەئامانجکردنی پاڵاوگەکانی نەوتی وڵاتەکەی و ڕایگەیاند، کیێڤ چەند شوێنێکی پێکاوە بەڵام زیانەکان مەترسیدار نین و مۆسکۆ وەڵامی ئەم هێرشانە دەداتەوە.
پوتین لە وتارێکدا لە ڕێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە لە کۆڕبەندی "ڕووسیا بۆ بازرگانی" ئاماژەی بەوە کرد: "ئەوان ژمارەیەکی کەم شوێنیان بەئامانج گرتووە، بەڵام هیچ زیانێکی مەترسیدار نەبووە.
دوێنێ هەوڵیان دا چەند پاڵاوگەیەکی نەوت بکەنە ئامانج و ئێستاش لە هەوڵەکانیان بەردەوامن؛ شتێکی گەورە ڕووی نەداوە، بەڵام دەستبەردار نابن."
سەرۆکی ڕووسیا جەختیشی کردەوە کە مۆسکۆ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەڵامی لێدانەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوت، بنکەکانی لۆجستی و کەرتی وزە دەداتەوە، و گوتیشی: "پێویست بوو ئەو وەڵامدانەوەیە دەستبەجێ دەست پێبکات."
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێشتر ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیای تۆمەتبار کردبوو بە پشتگوێخستنی داواکارییەکان بۆ بەئامانجنەگرتنی پاڵاوگەکانی نەوتی ڕووسیا، و ڕایگەیاندبوو دەبوو زێلێنسکی زووتر ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ مۆسکۆ واژۆ بکردایە نەک کێشە بۆ هەمووان دروست بکات.
ترەمپ داواشی لە زێلێنسکی کردبوو هەڵبژاردن ئەنجام بدات بۆ ئەوەی خەڵکی ئۆکرانیا سەرکردەیەکی ئامادەتر بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن هەڵبژێرن.