دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا سێ بانگەشەی سوپای پاسدارانی ئێران لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بەدرۆ دەخاتەوە

هەرێم نیوز

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سێ بانگەشەی سوپای پاسدارانی ئێرانی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ڕەت کردەوە، کە پەیوەست بوون بە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، هۆکاری نوقمبوونی کەشتییەکی سەنگافووری و کوژرانی سەدان سەربازی ئەمریکی لە ئوردن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، لایەنە فەرمییەکانی ئەمریکا ڕوونکردنەوەیان لەسەر سێ بانگەشەی سوپای پاسدارانی ئێران دا.

 لە یەکەم خاڵدا، ئەمریکا ئەو بانگەشەیەی تارانی ڕەت کردەوە کە گوایە کۆنترۆڵی گەرووی هورمزیان بەدەستەوەیە، و ڕایگەیاند که ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوبەشە هەرێمییەکانی کۆنترۆڵی گەرووەکەیان هەیە و کەشتییە بازرگانییەکان سەرەڕای هێرشەکانی سوپای پاسداران، بەردەوامن لە هاتووچۆکردن بەو ڕێڕەوەدا.

سەبارەت به خاڵی دووەم کە پەیوەستە به ڕووداوی کەشتییەکی بازرگانی، ئەمریکا ئەوەی بەدرۆ خستەوە کە کەشتییەکی هەڵگری ئاڵای سەنگافوورە به هۆی بەرکەوتنی بە مینێکی دەریایی لە گەرووی هورمز نوقم بووبێت.

 لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە که کەشتییە مەدەنییەکە بە ناوی (M/V GFS Pride) بەهۆی بەرکەوتنی بە مووشەکێکی سوپای پاسدارانەوە پێکراوە و لە کاتی ڕاکێشانیدا بەرەو کەناراوەکان نوقم بووە.

 ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە که ڕێڕەوە سەرەکییەکانی گەرووی هورمز پاکن لە مین و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە ٤٠ کەشتیی بازرگانی بەوێدا تێپەڕیون.

لە کۆتا خاڵیشدا، واشنتن ئەو بانگەشانەی ڕەت کردەوە کە باس لە کوژرانی سەدان سەربازی ئەمریکی دەکەن لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە ئوردن. بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی ئەمریکا، تەنیا سێ سەربازی ئەمریکی لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێراندا گیانیان لەدەست داوە، و ئەمریکاش ڕێز لە قوربانیدانی ئەو سەربازانە دەگرێت کە گیانی خۆیان بەخشیوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP