هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە توانیویانە توانای ئێران بۆ ناردنی پارە و پێداویستی بۆ ئەو گرووپانەی سەر بە "بەرەی مەقاوەمەن" ببڕن، و تاران چیتر نە پارەی پێویستی بۆ پشتیوانیی ئەو گرووپانە هەیە و نە توانای گەیاندنی ئەو هاوکارییانەشی ماوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە لێدوانێکی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ڕایگەیاند کە رژێمی ئێران چیتر ناتوانێت پارە و پێداویستی بگەیەنێتە ئەو لایەنانەی پەیوەندییان پێوەی هەیە، و جەختیشی کردەوە کە واشنتن لە بڕینی ئەو توانایەی ئێران سەرکەوتوو بووە.
دۆخی لوبنان و پێویستیی ڕادەستکردنی چەکی حزبوڵڵا
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، پیگۆت ئاماژەی بەوە دا کە ئەمریکا پێشکەوتنێکی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی چوارچێوە لە لوبنان بە دەست هێناوە، و جەختی لەوە کردەوە کە ڕادەستکردنی چەکی حزبوڵڵا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە لوبنان پێویستە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕوونی کردەوە کە میکانیزمی ڕێگری لە پێکدادان دەرفەت بە ئەمریکا دەدات ئاگاداری وردەکارییەکانی دۆخی مەیدانیی لوبنان بێت، و ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی بەدواداچوونی گۆڕانکارییە پەیوەستەکان بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەیە.