دواین هەواڵ

عێراق‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

بانکی بازرگانیی عێراق بڕێکی زۆر دۆلار دەخاتە بازاڕەوە

هەرێم نیوز

بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) دەستپێکردنی هەڵمەتێکی بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی دارایی و نەختینەیی لە وڵاتدا ڕاگەیاند، ئەویش لە ڕێگەی دابینکردن و خستنەڕووی بڕێکی زۆر لە دراوی بیانی (دۆلار) بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕ و بەهێزکردنی دراوی نیشتمانی.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی 10ـی 2026، بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە بە هەماهەنگیی بەردەوام و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست، دەستی کردووە بە دابینکردنی سیولەی نەختینەیی لە دراوی بیانی. 

ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە سایەی پێشهاتە ئابووری و داراییەکانی ئێستادا، پێویستە پرۆسەی خستنەڕووی دراوی بیانی لە ڕێگەی کەناڵە فەرمی و متمانەپێکراوەکانەوە خێراتر بکرێت، بۆ ئەوەی سەقامگیریی بازاڕ بپارێزرێت و بەهای دیناری عێراقی بەهێزتر بکرێت.

بانکەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕێکارەکانیان بریتین لە خستنەڕووی بڕێکی زۆر لە دۆلار لە ڕێگەی کەناڵە بانکییەکانەوە، هاوشانی چاودێریکردنی بەردەوامی جووڵەی بازاڕ و لێکۆڵینەوە لە پێداویستییەکانی بۆ دراوی بیانی.

 ڕوونیشیکردووەتەوە کە ئەم هەنگاوانە ڕۆڵی کەرتی بانکی لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ناجێگیریی بازاڕی دراو بەهێز دەکەن. 

لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەمە وەک بەشێکە لە ئەرکی بانکی بازرگانیی عێراق وەک بانکێکی حکومی، کە بە هەماهەنگیی بەردەوام لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان جێبەجێی دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP