دواین هەواڵ

عێراق‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

گەورەترین تۆڕی قاچاخیی دۆلار لە دیالە هەڵوەشێندرایەوە

هەرێم نیوز

دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە پارێزگای دیالە، توانیویانە یەکێک لە گەورەترین تێکدەرانی بازاڕی دراو دەستگیر بکەن و تۆڕێکی حەواڵەی دارایی نایاساییش هەڵبووەشێننەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی 10ـی 2026، دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (واع) بڵاویکردووەتەوە، ئاشکرای کرد کە لە درێژەی ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکان دژی تێکدەرانی ئاسایشی ئابووری و دەڵاڵانی دراو، هێزە تایبەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان لە پارێزگای دیالە، بە پشتبەستن بە زانیاریی دروست و چاودێریی مەیدانی، ئۆپەراسیۆنێکی خێرایان جێبەجێ کردووە.

 لە ئەنجامدا توانیویانە تۆمەتبارێک لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکە و مامەڵەی نایاسایی بە دۆلارەوە دەستگیر بکەن کە هەوڵی زیانگەیاندنی بە بازاڕی ناوخۆیی داوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر پارەی دۆلار و دیناری عێراقی، چەند مۆرێکی ساختە و مۆبایلێکدا گرتووە کە بەڵگەنامەی چەندین حەواڵەی نایاسایی تێدا بووە.

 لە کاتی لێکۆڵینەوەکانیشدا، تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە کە جیاوازیی نرخی دراوی (فەرمی و بازاڕی ڕەش) قۆستووەتەوە بۆ ئەنجامدانی حەواڵەی نایاسایی بۆ تۆڕێک کە لە چەندین ناوچەی جیاواز کار دەکەن.

 لە کۆتاییشدا دەزگاکە جەختی کردووەتەوە کە بە توندی ڕووبەڕووی هەر کەسێک دەبنەوە کە بیەوێت ئاسایشی ئابووریی وڵات تێکبدات.

دەستگیرکردنی ئەم تۆڕە گەورەیەی حەواڵەی نایاسایی لە دیالە، ڕاستەوخۆ هاوکاتە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی کە هەر ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق لە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار کردی و نرخی فرۆشتنی کاشی بە هاووڵاتییان بۆ ١٥٢٠ دینار بەرزکردەوە.

 لە ماوەی ڕابردوودا، بەهۆی جیاوازیی گەورەی نێوان نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی و نرخی بازاڕی ڕەش، قاچاخچییان و دەڵاڵەکانی دراو قازانجێکی زۆریان دەکرد و دەبوونە هۆی ناسەقامگیریی ئابووری و بردنەدەرەوەی دۆلار بە شێوەی نایاسایی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP