هەرێم نیوز
حزبی دەعوەی ئیسلامی هۆشدارییەکی توند لەبارەی لێکەوتەکانی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی دەدات و ڕایدەگەیەنێت کە نابێت کێشە ئابوورییەکان لەسەر حیسابی بژێوی و توانای کڕینی هاووڵاتییان چارەسەر بکرێن، هاوکات داواش لە بازرگانان دەکات کە قۆناغەکە نەقۆزنەوە و خۆیان لە قۆرخکاری بەدوور بگرن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی 10ـی 2026، حزبی دەعوەی ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پێشهاتە ئابوورییەکانی ئەم دواییەی عێراق و گۆڕانکاری لە بەهای دراودا خستەڕوو.
حزبەکە جەختی لەوە کردەوە کە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، پێویستە ڕەگ و ڕیشەی کێشەکان دەستنیشان بکرێن و چارەسەری بنەڕەتییان بۆ بدۆزرێتەوە، نەک پەنا ببرێتە بەر ڕێکارێک کە توانای دارایی و بژێویی ژیانی هاووڵاتییان لاواز بکات.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، حزبی دەعوە تیشکی خستە سەر گرنگیی بەهێزکردنی بەرهەمی ناوخۆیی وەک بنەمایەک بۆ سەقامگیریی ئابووری.
لە هەمان کاتیشدا، هۆشداریی دایە بازرگانان و خاوەنکارەکان کە خۆیان لە "چاوچنۆکی و قۆرخکاری" بەدوور بگرن، بۆ ئەوەی بارگرانیی زیاتر نەکەوێتە سەر شانی خەڵک و نرخی کاڵاکان لە بازاڕدا بە شێوەیەکی دەستکرد بەرز نەکرێنەوە.