هەرێم نیوز
لە کاتێکدا ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا ڕوو لە هەڵکشانن، دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئامادەکاریی تەواو لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.
بەپێی زانیارییەکان، ئامادەکارییەکانی تاران لە ڕێگەی قایمکردنی سەنگەر و بارەگاکان لە دەوروبەری دامەزراوە ئەتۆمییەکان و پێگە هەستیارەکان، هەروەها نۆژەنکردنەوە و بەهێزکردنەوەی توانای مووشەکی بەڕێوەدەچێت؛ ئەم هەنگاوانەش وەک خۆئامادەکردنێکە بۆ هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراوی ئەمریکا کە پێشبینی دەکرێت دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس ئەنجام بدرێت. هاوکات لەگەڵ ئەم جووڵانەی تاران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە قووڵبوونەوەی گرژییەکان کرد و ڕایگەیاند: «زۆر بەمزووانە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەبارەی ئێرانەوە دەدەین».
لەلایەکی دیکەوە و لە پەرەسەندنێکی ئەمنیی بێوێنەدا، کین ماکالۆم، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆیی بەریتانیا (MI5) لە لەندەن، تارانـی بە هەوڵدان بۆ بەئامانجگرتنی پێگە سەربازییەکان لە نێو خاکی شانشینی یەکگرتوو تۆمەتبار کرد.
ماکالۆم ئاشکرای کرد ئەو پلانەی پێشتر گومانی لێدەکرا بۆ هێرشکردنە سەر بنکەیەکی ئاسمانیی سەربازی لە ئینگلتەرا کە لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بەکاردەهات، «ڕووداوێکی تەنیا و جیاواز نەبووە».
بەڕێوەبەری MI5 ڕوونیشیکردەوە کە تاران هەوڵ دەدات هێرشەکانی لە ناوخۆی بەریتانیادا فراوانتر بکات و لە سنووری بەئامانجگرتنی نەیارانی نەریتیی ڕژێم دەربچێت، کە بریتی بوون لە کردەوەی ئاگرتێبەردانی ئەنقەست و تێکدەرانە دژی شوێن و ناوەندە جولەکەنشینەکان بە دەستی ئەو لایەنانەی بە وەکالەت بۆ ئێران کار دەکەن.