هەرێم نیوز
لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا کە لە لایەن چاودێرانەوە بە «پشتکردن لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکان و ئۆکرانیا» وەسف کرا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا، جیهانی تووشی شۆک کرد.
بەپێی ڕێککەوتنەکە و بەپێی زانیارییەکانی کۆشکی سپی، ڕێگە بە مۆسکۆ دەدرێت ٣٦ ملیۆن بەرمیل دیزڵ هەناردەی بازاڕەکانی ئەمریکا و جیهان بکات.
ئەم بڕیارەی ترەمپ بە مەبەستی ڕێگریکردنە لە قەیرانی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی تێچووی وزە لەسەر خێزان و جووتیارانی ئەمریکی، کە بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی «موودیز» تەنیا لە ماوەی ٧ مانگی ڕابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە زیاتر لە ١١٥ ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە. لەو چوارچێوەیەشدا، ترەمپ سزاکانی سەر هەناردەی سووتەمەنیی ڕووسیای تاوەکو مانگی نیسانی داهاتوو هەڵپەساردووە.
ئەم هەنگاوە تووڕەیی و شۆکێکی گەورەی لە کیێڤ و پایتەختەکانی ئەوروپادا دروست کردووە؛ بە تایبەت کە بڕیارەکە کەمتر لە مانگێک دوای واژۆکردنی یاسای «لیندسی گراهام» دێت بۆ توندکردنەوەی سزاکان لەسەر کەرتی وزەی ڕووسیا.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بە توندی هێرشی کردە سەر ڕێککەوتنەکە و بە «بڕیارێکی لاواز» ناوزەندی کرد، بەڵام ترەمپ نەک تەنها پاشەکشەی نەکرد، بەڵکو داوای گۆڕینی سەرکردایەتیی کیێڤی کرد و لە ڕێگەی «فاینانشیاڵ تایمز»ـیشەوە هۆشداری درا کە ئەگەر هێرش بۆ سەر پاڵاوگەکانی ڕووسیا ڕانەگیرێت، ناردنی چەکی ئەمریکی بۆ ئۆکرانیا دەوەستێنرێت.
هاوکات یەکێتیی ئەوروپا سەرکۆنەی ڕێککەوتنەکەی کرد و ڕایگەیاند کە فرۆشتنی ئەم بڕە گەورەیەی دیزڵ، پارە و داهاتی پێویست دەخاتە بەردەست مۆسکۆ بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ.
لە نێوخۆی ئەمریکاشدا، دیموکراتەکان ڕەخنەی توندیان ئاراستەی کۆشکی سپی کرد؛ چەک شۆمەر، ڕێبەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیران ڕایگەیاند: «ڕێککەوتنی نێوان ترەمپ و پووتین ناپاکییەکی ئاشکرایە بەرامبەر تەواوی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا».