هەرێم نیوز
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا پێنج نمرە بۆ هەر بابەتێکی خوێندن ببەخشێتە ئەو قوتابییانەی کە لە ساڵی نوێی خوێندندا بەشداری لە پرۆژەی پاراستنی ژینگە و بەخێوکردنی نەمام دەکەن.
بەپێی گشتاندنێکی نوێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، کە دوێنێ دووشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2026 دەرچووە و ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە کراوە، بڕیار دراوە بە تەرخانکردنی پێنج نمرە بۆ هەر بابەتێکی خوێندن لە هەر وەرزێکدا.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم بڕیارە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی دەگرێتەوە و ئامانج لێی جێبەجێکردنی پرۆژەی "پاراستنی ژینگە و بایەخدانی قوتابی بە بەخێوکردنی نەمام"ـە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا شێوازی دابەشکردنی نمرەکان بە وردی ڕوون کراوەتەوە؛ بۆ بازنەی یەکەم، ئەو پێنج نمرەیەی پاراستنی ژینگە دەخرێتە سەر هەڵسەنگاندنی چوارەمی هەردوو وەرزی یەکەم و دووەم لەلایەن مامۆستای بابەتەوە.
سەبارەت بە پۆلەکانی چوار تاوەکو ١٢، پێنج نمرەکە بەسەر هەڵسەنگاندنی یەکەم و دووەمدا دابەش دەکرێت، واتە لە هەڵسەنگاندنی یەکەمی ١٠ نمرەیی دوو نمرە دەدرێت، و لە هەڵسەنگاندنی دووەمی ١٠ نمرەیی سێ نمرە تەرخان دەکرێت بۆ هەردوو وەرزی یەکەم و دووەم.
لە بەشێکی دیکەی گشتاندنەکەدا هاتووە کە بۆ سەرجەم قۆناغەکانی پەیمانگاکانیش دوو نمرە بۆ وەرزی یەکەم و سێ نمرە بۆ وەرزی دووەم بۆ هەر بابەتێک تەرخان دەکرێت.
بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیەش، سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و دڵنیایی جۆری ڕاسپێردراون تاوەکو بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە قوتابخانە و پەیمانگاکاندا بکەن.