هەرێم نیوز
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکدا لە "دیداری مێری" کە لە هەولێر بەڕێوە دەچێت، ڕایگەیاند کە ئەو کەسەی دەڵێت داعش تەواو بووە هەڵەیە، چونکە ڕێکخراوەکە کۆتایی نەهاتووە و هەڕەشەکانی هەر ماون.
هەڕەشەکانی داعش و دۆخی ئەمنیی عێراق
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەوەی دەڵێ داعش تەواو بووە وانییە و داعش تەواو نەبووە و هەڕەشەکانی هەر ماون، و ئێستا داعش لە ساڵی ٢٠١٤ بەهێزترە."
هەروەها جەختی کردەوە که عێراق پێویستیی بە پڕچەککردن هەیە و زەمینە بۆ گەڕانەوەی توندڕەویی لەبارە.
سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، ڕێبەر ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "لەگەڵ ئەوەی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمان لە عێراق کە لەسەر داوای حکوومەتی عێراق بووە، بڕیارێکی تەواو سیاسی بووە نەک بڕیارێکی ئەمنی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ ئەوەمان لە بیر بێ کە هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ عێراق ڕاهێنان و پشتیوانیی ئاسمانی بووە نەک هێزی زەمینی، چونکە شەڕی دژی تیرۆر لەسەر زەوی لەلایەن هێزەکانی عێراق و پێشمەرگەوە بووە، و ئێستاش کشانەوەی ئەو هێزانە بەرپرسیارەتیی سەقامگیریی ئەمنیمان دەخاتە ئەستۆ."
هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆ باسی لە پەیوەندییە ئەمنییەکان کرد و گوتی: "لە شەڕی دژی داعش هەماهەنگیی تەواومان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووە، هەر لە کردنەوەی ڕێگاکانی ئازادکردنەوەی مووسڵ تا داواکارییەکانی حکوومەتی عێراق بۆ ڕادەستکردنی ئەو تۆمەتبارانەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا داوا کراون."