هەرێم نیوز
وەزیرانی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، بەهۆی قەیرانی گەرووی هورمز و ناسەقامگیریی ڕێڕەوە دەریاییەکانەوە، هۆشداریی توندیان لەبارەی تێکچوونی هەناردەی نەوت و بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی جیهانی دا، و ڕایانگەیاند کە تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی بۆ بارهەڵگرەکانی وزە گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزیرانی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانیان (ئۆپێک پڵەس) لە پەراوێزی 'کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی وزە' و 'کۆنگرەی جیهانیی نەوت' لە شاری ڕیاز کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە لە ماڵپەڕی فەرمیی ئۆپێک بڵاوکراوەتەوە، وەزیرەکان جەختیان لەوە کردەوە کە تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی (تەئمین)ـی بارهەڵگرەکانی وزە گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە، بە جۆرێک کە تێچووەکە لە سێیەکی بەهای خودی کاڵاکە زیاترە، ئەمەش بووەتە ڕێگرێکی گەورە لە بەردەم لێشاوی ئاسایی گواستنەوەی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان.
لە 'بەیاننامەی هاوکاری'ی وەزیرەکانی ئۆپێک پڵەسدا هاتووە کە تێکچوونی زنجیرەی دابینکردنی وزە، فشارەکانی هەڵاوسانی لەسەر ئابووریی جیهانی چڕتر کردووەتەوە.
هەروەها جەختیان لە گرنگیی بنەڕەتیی پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان و هێڵەکانی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی کردەوە و ڕایانگەیاند: "بەردەوامیی بەرزبوونەوەی ئەم تێچووانە، بارگرانییەکی قورس و درێژخایەنی دارایی دەخاتە سەر شانی وڵاتانی بەرهەمهێنەر و بەکاربەر، و سێبەرێکی قورس دەخاتە سەر گەشەی ئابووریی جیهانی."
نوێنەرانی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس ئاشکراشیان کرد کە لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن و لە ڕاوێژ و هەماهەنگیی بەردەوامدا دەبن لەگەڵ حکومەتەکان، کۆمپانیاکانی وزە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ باشترکردنی بارودۆخی گواستنەوەی دەریایی لە جیهاندا.