هەرێم نیوز
دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودی ڕاگرتنی کارەکانی فڕۆکەخانەی شاهـ خالید لە ریاز درێژ کردەوە تا کاتی تەواوبوونی هەڵسەنگاندنی سەلامەتیی دامەزراوەکانی، ئەمەش دوای لێدوانی وتەبێژی سەربازیی حووسییەکان ڕایگەیاند جارێکی تر بە مووشەک هێرشیان کردووەتەوە سەر فڕۆکەخانەکە و بنکەی خەمیس موشەیت.
لای خۆیەوە، هاوپەیمانیی پشتیوانی لە شەرعیەت لە یەمەن، بەربوونەوەی مووشەکێکی بالیستیی راگەیاند، کە بەرەو ریاز و خەمیس موشەیت هەڵدرابوو.
هەڕەشەی توندی حووسییەکان بۆ سەر ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی
لە لایەکی ترەوە، محەمەد بخیتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان) بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە: "ئەگەر ئەمریکا دەستوەردان بکات لە دوژمنکاری بۆ سەر یەمەن، ئێمە دیراسەی وەڵامدانەوە ناکەین؛ بەڵکو وەڵامێکی خێرا و بە ئازار دەدەینەوە کە تەواوی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج، لە هەر شوێنێک دەستی ئێمەی بگاتێ."
بخیتی هۆشداریی دا بە تەواوی کارمەندان و کرێکارانی دامەزراوە نەوتییەکان و فڕۆکەخانەکانی سعوودیە کە لەو شوێنانە دوور بکەنەوە، چونکە بوونەتە ئامانجی شەرعی بۆ یەمەن، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی دۆخەکە بەرەو هەڵکشانی تەواو دەڕوات.
شکستی هەوڵەکانی ئاگربەست و پەیوەندیی ترەمپ و بن سەلمان
پێشتریش ئەو سەرکردەیەی حووسییەکان شکستی هەوڵەکانی ئێرانی بۆ ئاگربەست ڕاگەیاندبوو و وتی: "سعوودیە داوای ڕاگرتنی شەڕی کردووە بۆ ماوەی مانگێک و ئێمە ڕەتمان کردووەتەوە، دواتر داوای دوو هەفتەی کردووە، ئەوەشمان ڕەت کردووەتەوە و دەمانەوێت شەڕ بە یەکجاری ڕابگیرێت و گەمارۆ و هێرشەکان بە تەواوی کۆتایییان پێ بێت."
هەڕەشەی حووسییەکانی یەمەن لە ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاندبوو کە لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، سەبارەت بە شەڕ لەگەڵ حووسییەکان قسەی کردووە و کارەکانی حووسییەکانی بە "زۆر خراپ" وەسف کردبوو.