هەرێم نیوز
فەرمانگەی کاروباری کارگێڕیی پەرلەمانی عێراق دەستی بە پرۆسەی وردبینیکردن لە بڕوانامەی خوێندنی پەرلەمانتاران کردووە؛ هاوکات پەرلەمانتارێک هۆشداری دەدات کە کورسیی پەرلەمانی نابێتە قەڵغان بۆ خۆدزینەوە لە لێپرسینەوە و ساختەکردنی بڕوانامەش تاوانێکی ئاشکرایە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی 10ـی 2026، عەبدولحەمزە مونعیم خەفاجی، سەرۆکی فراکسیۆنی "بزووتنەوەی ئیدراک" لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نووسراوێکی فەرمیی فەرمانگەی کاروباری کارگێڕیی پەرلەمانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا داوا لە سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان کراوە بڕوانامەکانی (شەشی سەرەتایی، سێی ناوەندی و شەشی ئامادەیی) پێشکەش بکەن، بە مەبەستی ناردنیان بۆ وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ بۆ ئەنجامدانی پشکنین و دڵنیابوونەوە لە ڕاستودروستییان.
خەفاجی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "هیچ پارێزبەندییەک بۆ ساختەکاران بوونی نییە؛ ساختەکردنی بڕوانامە تاوانە و کورسیی پەرلەمانیش قەڵغان نییە بۆ خۆدزینەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی یاسا و لێپرسینەوە."
ئەو پەرلەمانتارە داواشی کرد پرۆسەی وردبینی تەنها لە خولی ئێستادا قەتیس نەمێنێتەوە، بەڵکو بەدواداچوونی گشتگیر و ورد بۆ بەڵگەنامە و بڕوانامەی تەواوی پەرلەمانتاران لە خولی پێنجەمەوە تاوەکو خولی یەکەم ئەنجام بدرێت، بەتایبەت کە لە ئێستادا دەنگۆی ئەوە هەیە ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی پەرلەمان لە خولە جیاوازەکاندا بە بڕوانامەی ساختەوە گەیشتبنە ئەو پۆستە.