هەرێم نیوز
بانکی ناوەندیی عێراق ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە گەڕاندنەوەی بڕی ٦٠٠ ملیار دیناری داواکارییەکانی حەواڵە دەکەن بەهۆی مامەڵەنەکردن بە نرخی پێشووی دۆلار (١٣٢٠ دینار)، هاوکات هۆشدارییەکی توندیشی دایە ئەو لایەن و میدیایانەی هەواڵی چەواشەکارانە بڵاودەکەنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی 10ـی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لەلایەن هەندێک لە ئاژانسەکانی هەواڵەوە بڵاوکرابوونەوە، گوایە بانکەکە بڕی ٦٠٠ ملیار دیناری گەڕاندووەتەوە چونکە نرخی پێشووی (١٣٢٠ دینار)ـی بۆ هەر دۆلارێک پەسەند نەکردووە و داوای کردووە پارەکە بە نرخی نوێ (١٥٢٠ دینار) مامەڵەی پێوە بکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، بانکی ناوەندی جەختی لەسەر ڕێکارەکانی پێشووی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە سەرجەم داواکارییەکانی حەواڵەی دەرەکی کە پێش ڕێکەوتی ٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ پێشکەشی بانکەکان کراون، بە نرخی کۆنی دۆلار (١٣٢٠ دینار) و بەبێ هیچ تێچوویەکی زیادە جێبەجێ دەکرێن، و بانکەکەش دەستی بە وەرگرتن و جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە کردووە.
هەروەها دڵنیایی داوەتە هاووڵاتییان کە سەرجەم کارتی پارەدانە ئەلیکترۆنییەکان لە دەرەوەی وڵات بەپێی نرخی فەرمیی پەسەندکراو کار دەکەن.
بانکەکە هۆشداریی توندیشی داوەتە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە پابەندی ڕێنماییەکانی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان بن سەبارەت بە وردبینی لەو هەواڵانەی پەیوەستن بە نرخی دراو، بازاڕەکان و مووچە، و ڕایگەیاندووە کە ڕێکاری یاسایی توند دەگرنەبەر بەرامبەر هەر لایەنێک کە پڕوپاگەندە و هەواڵی چەواشەکارانە بڵاوبکاتەوە.