هەرێم نیوز
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هەر بەشداربوونێکی سەربازیی کۆریای باشوور لە ئۆپراسیۆنەکانی کەنداو و گەرووی هورمز، وەکو هاوکاریکردنی ئۆپراسیۆنەکانی ئەمریکا دادەنرێت و ئەنجامی زۆر خراپی بۆ ئەو وڵاتە دەبێت.
هەڕەشەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ئەمڕۆ دووشەممە ٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، ئیسماعیل بەقائی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "هەر بەشدارییەک یان ئامادەیییەکی سەربازیی کۆریای باشوور لە ئۆپراسیۆنەکانی کەنداو و گەرووی هورمز، بە پشتیوانیی دوژمنکاریی ئەمریکا دادەنرێت و بۆ ئەو وڵاتە ئەنجامی خراپی دەبێت."
پاشخانی ئاڵۆزییەکان لە گەرووی هورمز
ئەم هەڵوێستەی تاران لە کاتێکدا دێت کە ئێران گەرووی هورمزی داخستووە، کە بە شادەماری بازرگانیی نێودەوڵەتی دادەنرێت. لە بەرامبەردا ئەمریکا چەندین جار داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە هاوکار بن لە کردنەوەی گەرووەکە و کۆریای باشووریش ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ تاوتوێکردنی بابەتەکە.