هەرێم نیوز
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تەواوی هەڵوێستەکانی وڵاتەکەی سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دۆسیەی ئەتۆمی و ئاڵۆزییە دەریاییەکانی ناوچەکەی خستەڕوو.
ڕێڕەوی ئاویی کاتی و ئاسایشی گەرووی هورمز
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی ئێرانی-عومان لەبارەی دروستکردنی ڕێڕەوێکی ئاویی ئارامی کاتی لە گەرووی هورمزەوە، بە فەرمی لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی (IMO) تۆمار بکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، گەرووی هورمز بەهۆی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و گەمارۆ دەریاییەکەیەوە بووەتە شوێنێکی نائارام، لە کاتێکدا هێرشەکانی ئەمریکا و قەوارەی زایۆنی بوونەتە هۆی داخرانی ڕێڕەوی پشکنینی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی زیانیان بەرکەوتووە.
پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا، چین و قەتەر
بەقایی ڕایگەیاند: "ناوچەکەمان لە بارودۆخێکی ئاڵۆزدایە و جەنگی ئەمریکا دژمان بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە، لەوانەش جەنگی ئابووری و گەمارۆدان. ئەمە جەنگ نییە، بەڵکو دەستدرێژییەکی سەربازیی ڕوونه بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی ئێران و یاسا نێودەوڵەتییەکان، و جووڵەکانمان بە تەواوی بەرگریکارانەن."
لەبارەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕوونی کردەوە، پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ چین زۆر باشە و دیداری بەرپرسانی هەردوو وڵات بەردەوامە. هەروەها ئاشکرای کرد دوێنێ شاندێکی قەتەری لە ئێران لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە کۆبوونەتەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دەوڵەتی قەتەر بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.
دۆسیەی ئەتۆمی و دانوستانەکان
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئیسماعیل بەقایی جەختی کردەوە ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئەمریکی-ئەورووپی دژی تاران، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتە بەسیاسیکراوەکەی بەڕێوەبەری ئاژانسەکەیە، و هەوڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ترۆیکای ئەورووپی بۆ ڕەوانەکردنی دۆسیەی ئەتۆمییان بۆ ئەنجومەنی ئاسایش نایاسایین.
تەئکیدیشی کردەوە، پشتیوانیی ئەمریکا و بێباکیی وڵاتانی ئەورووپی، پارێزبەندی بۆ قەوارەی زایۆنی دەستەبەر کردووە بۆ ئەنجامدانی دەستدرێژی کە سەروەریی لوبنان پێشێل دەکات.
لە کۆتاییدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لە پرۆسەی دیپلۆماسی کرد و وتی: "دانوستان ئامرازێکە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵات، و وەزارەتی دەرەوە پابەندە بە بڕیاری دەستە باڵاکان سەبارەت بە دانوستانەکان.